ئایا ڤایرۆسی گەڕاوەیی خۆڕسک بەڵگەیە بۆ باوانی هاوبەشی زیندەوەران ؟

ڤایرۆسی گەڕاوەیی چییە ؟
ڤایرۆسێکە کە لە ئاڕ ئێن ئەی پێکهاتووە لەباتی دی ئێن ئەی ، وە خاوەنی ئەنزیمێکن بەناوی ترانسکریپتەیسی پێچەوانە ، کە تایبەتمەندیەکی بێ هاوتا ئەداتە ڤایرۆسەکان لە نوسینەوەی ئاڕ ئێن ئەیەکەیان بۆ دی ئێن ئەی پاش ئەوەی دەچنە خانەیەک ، پاش ئەوە دی ئێن ئەی ڤایرۆسەکە یەکدەگرێ لەگەڵ دی ئێن ئەی خانەکە و دەستدەکات بە کارەکەی خۆی ، ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی یەکێکە لەم جۆرە ڤایرۆسانە
سەرچاوە:
https://www.medicinenet.com/hiv_aids_myths_and_facts_pictures_slideshow/article.htm

ئەم ڤایرۆسە ئەتوانین بڵێین دوو جۆرە ، خۆڕسکی یان ناوەکی لەگەڵ دەرەکی ، ناوەکی واتا وەک توخمی جینی لەناو دی ئێن ئەی زیندەوەرانی وەک شیردەکان هەیە و دەرەکیەکەش واتا وەک ئێچ ئای ڤی لە مرۆڤێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی تر ، وە یەکێک لە تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسی گەڕاوەییە ئەوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر زۆر دەمێنێتەوە لەناو جینۆمی زیندەوەراندا ، وە پێشیان دەوترێت جینە بازدەرەکان بەهۆی ئەو شوێن گۆڕینەیان لەناو جینۆمدا

لایەنگرانی باوانی هاوبەش دەڵێن مادام جیناتی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی لەهەمان شوێنی جینۆمدا لەناو مرۆڤ و چیمپانزیدا هەیە ئەوە مانای ئەوەیە باوانێکی هاوبەشیان هەیە.
وە لایەنگرانی باوانی هاوبەش دەڵێن ئەم جینی ڤایرۆسانە بێ کەڵک و بێ سوودن و هیچ ئەرکێکیان نییە 

بەڵام ئەی ئەگەر ئەرکیان هەبێت ئەوکات چی ؟
بەڵێ ئەم جینانە چەندین ئەرکیان دۆزراوەتەوە و هەندێکیشیان تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە ، وە هەرکەسیش بانگەشەی ئەوە بکات بەس لەبەرئەوەی لە ئێستەدا نازانین ئەرک و ئیشی هەندێ جین چییە ، ئەوا بەتێپەڕبوونی کات زانست بانگەشەکەی پوچەڵ دەکاتەوە ، پێش ئەوەی بچینە لای هەندێ ئەرک کە دۆزراوەتەوە بۆ ئەم جینانە ، ئەبێت بیرمان بێ لێکچوونی جینات بەتەنها بەڵگە نییە بۆ باوانی هاوبەش تەنانەت خودی فرانسس کۆڵنز دان بەو خاڵە دائەنێت کە لایەنگرێکی توندی باوانی هاوبەشیشە و وە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە ئەم باسە بخوێنەرەوە کەپێشتر نوسیومە کەبۆچی لێکچوونی جینات نابێتە بەڵگە

ئێستاش بەهەندێ ئەرکی جیناتی ئەم ڤایرۆسە باس بکەین کە بوونی هەیە لە زیندەوەران

یەکەم : لە توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار و هەشت هاتووە ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی ، زنجیرەی پرۆمۆتەری تێدایە کە دەستدەکات بە نوسینەوەی جیناتی دراوسێی لە مرۆڤدا
(پرۆمۆتەر ناوچەیەکە لە جیندا کە پرۆسەی نوسینەوەی جینات لەوێوە دەست پێدەکات)
وە توێژینەوەکە دەڵێت پەنجا و یەک هەزار و سەد و نەوەد و حەوت زنجیرەی پرۆمۆتەر تۆمارکراوە تیایدا هەزار و حەوت سەد و چل و سێ حاڵەتیش تۆمارکراوە لە ناوچەی پێنج یو تی ئاڕ ئێس و توێژەران دەڵێن ئەم داتایانە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسی هەڵگەڕاوەیی ناوەکی 
لەسەر ئاستێکی گەورە ڕۆڵی ڕێکخەرانە ئەبینێت لە نوسینەوەی جینات.
سەرچاوە:
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pubmed/18535086

دووەم : توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار و چواردە لە زانکۆی لوند لەسوید ، دۆزیەوە ئەو ڤایرۆسانەی کە پێمان وابوو  پاشماوەیەکی بێ سوودی ملیۆنەها ساڵەن ، لەڕاستیدا زنجیرەی ئاسایی دی ئێن ئەین و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دروستکردنی تۆڕی ئاڵۆزی مێشکی مرۆڤ و گەشەسەندنی , هەروەها توێژەرێکیان بەناوی جۆهان‌ جاکبسۆن دەڵێت ئەم جینانە یارمەتیدەرمان ئەبن لە تێگەیشتن لەوەی بۆچی مێشکمان بەجموجۆڵە و خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکە
سەرچاوە:
https://www.cell.com/cell-reports/fulltext/S2211-1247(14)01015-8?_returnURL=https%3A%2F%2Flinkinghub.elsevier.com%2Fretrieve%2Fpii%2FS2211124714010158%3Fshowall%3Dtrue

سێیەم : توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار سیانزە دۆزیەوە
کە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی لە جینۆمی مرۆڤ هاوبەش و هاوکارە لەگەڵ کرۆماتینی کراوە واتا ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەرکی ڤایرۆسەکان کە نوسینەوەی جیناتە و دۆزیانەوە کە هەزارەها زنجیرەی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی چالاک بوون بەتایبەت لەناو خانە کۆرپەلەیەکان و شێرپەنجەییەکان.
سەرچاوە:
https://journals.plos.org/plosgenetics/article?id=10.1371/journal.pgen.1003504

چوارەم : لە توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار و سێ توێژەران دۆزیانەوە کە جیناتی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی ڕێکخەری نوسینەوەی دی ئێن ئەین و دۆزیانەوە جینی ئێل تی ئاڕ کە پرۆمۆتەرێکە لە ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی چالاکترینە لە ڕێڕەوی گەدە و ڕیخۆڵەکان و لیکەڕژێنی مەمکەکان و دەڵێت جینی ئێل تی ئاڕ پرۆمۆتەرێکی باڵادەستە لە ناوچەی قۆڵۆن.
سەرچاوە:
https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/14534330/

پێنجەم : لە توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار و چواردا دۆزیانەوەی جیناتی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی ڕۆڵی هەیە لە بەرگریکردنی جەستە لە دژی نەخۆشی 
سەرچاوە:
https://www.pnas.org/content/101/30/11117

شەشەم : توێژینەوەیک لە ساڵی دوو هەزار و شەش دۆزیەوە کە جیناتی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی ڕۆڵیان هەیە لە ڕێکخستنی گەشەسەندنی کۆرپەلە.
سەرچاوە:
https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/16980413/

حەوتەم : توێژینەوەیەکی ساڵی دوو هەزار و سیانزە کە دۆزیەوە جیناتی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی ڕۆڵی هەیە لە گەشەسەندنی بزدانگ
(ئەندامێکە کە کۆرپەلە لێوەی خواردن و پاشەڕۆ دەگۆڕێتەوە لەگەڵ دەرەوە)
سەرچاوە: https://royalsocietypublishing.org/doi/full/10.1098/rstb.2012.0507

جا ئەم جینانەی ڤایرۆسی گەڕاوەیی ناوەکی بێ کار و بێ سوود نین و ئەرک و ئیشی خۆیان هەیە و بانگەشەی لایەنگرانی باوانی هاوبەش بانگەشەیەکی لاوازە ، وە کات بەدوای کات ئەرکی نوێی ئەم جینانە ئەدۆزرێتەوە